"مه‌ترسن ئێمه‌ش وه‌ك ئێوه رێبوارین"، یه‌كێك له ره‌سته‌كانی سناریۆی فیلمی "كوێستانی قه‌ندیل"ـه، كه له زمانی ره‌سوڵی فرمێسك (یه‌كێك له ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی فیلمی كوێستانی قه‌ندیل)، به هه‌رچوار زمانی كوردی، توركی، فارسی و عه‌ره‌بی دوپات ده‌بێته‌وه، بیستنی چوار زمانی جیاواز ئاماژه‌یه‌كه بۆ رێگه‌پێدان به ده‌ركه‌وتنی چوار نه‌ته‌وه، كه له ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژین و زۆرترین په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه و بانگه‌شه‌یه‌كه بۆ پێكه‌وه ژیان و له‌یه‌كتێگه‌یشتن، چیرۆكی ئه‌و فیلمه له زمانی 4 ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی باشور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و 120 ئه‌كته‌ری لاوه‌كی ئه‌و چوار نه‌ته‌وه‌یه‌وه ده‌گێردرێته‌وه.
سێ هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد رۆڵی سه‌ره‌كی له فیلمی كوێستانی قه‌ندیلدا ده‌گێرن ئه‌وانیش دكتۆر قوتبه‌دین سادقی هونه‌رمه‌ندی شانۆكاری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی و جومه‌رد هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی باكووری كوردستان، یه‌كێك له رۆڵهكانیتر له لایه‌ن میوانی به‌رهه‌م، كامه‌ران رئوف هونه‌رمه‌ندی شانۆكاری باشووری كوردستانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كرێت.
ته‌ها كه‌ریمی ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی "كوێستانی قه‌ندیل" له‌باره‌ی ئه‌م فیلمهوة وتی "ئه‌م فیلمه باس له رابردوو و ئێستای په‌یوه‌ندییه‌كانی چوار نه‌ته‌وه‌ی دراوسێ كورد، تورك، عه‌ره‌ب و فارس ده‌كات، كه له جوگرافیایه‌كی وه‌ك كوێستانی قه‌ندیل به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و هه‌وڵ ده‌دات چیرۆكێكی سینه‌مایی بگێرێته‌وه".
عه‌بدوره‌حمان محه‌مه‌د ره‌حمان به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌می فیلمی "كوێستانی قه‌ندیل" سه‌باره‌ت به ستافی كاره‌كه‌یان وتی "ئه‌م فیلمه زۆربه‌ی ستافه‌كه‌ی پرۆفیشناڵه و له وڵاتی ئێرانه‌وه هاتوون و هۆكاره‌كه‌شی گه‌رانده‌وه بۆ نه‌بوونی ستافی پشت كامێرا له هه‌رێمی كوردستان".
هه‌روه‌ها وتیشی "كوالیتهمان زۆر لا گرنگ بووه، بۆیه هه‌وڵمانداوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین كارێكی باش پێشكه‌ش به بینه‌ری كورد و جیهان بكه‌ین".
ده‌رهێنه‌ر و سینارێستی "كوێستانی قه‌ندیل" له كاره نوێكه‌یدا باس له گێرانه‌وه‌یه‌كی جیاواز ده‌كات و وتی "ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگ بووه گێرِانهوهیهكی سینه‌مایی و هه‌وڵدان بۆ دارشتنێكی نوێ بووه، حه‌زیشم نه‌كردووه به زۆر بیكه‌م به گێرانه‌وه‌یه‌كی جیاواز به‌ڵكوو به‌پێی پێویستی گێرانه‌وه و زه‌روره‌تی چیرۆكه‌كه دارشتنی نوێ هاتووه".
ئازاد سه‌وزه به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی سه‌باره‌ت به قۆناغه‌كانی دورستكردنی فیلمی سینه‌مایی كوێستانی قه‌ندیل باسی له‌وه كرد كه سه‌ره‌تا، به‌هۆی ته‌نگه‌ژه‌ی داراییه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران برِیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌كه‌ی فیلمه‌كه نه‌داوه و دواجار به خستنه‌رووی ده‌رخسته‌یه‌كی دیكه توانیویانه كه ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌رگرن و وتیشی "هه‌وڵمانداوه لای ئێمه‌ش له سلێمانی فیلمی درێژ ئاقاری خۆی ببرِێت و تاراده‌یه‌كیش سه‌ركه‌وتوو بووین".
هه‌روه‌ها وتیشی "له رووی به‌رهه‌مهێنانه‌وه كاره‌كه‌مان به باشی ده‌چێته پێشه‌وه و هه‌وڵمانداو كه هیچ كێشه‌و گرفتێكی ده‌ره‌كی كاریگه‌ری نه‌بێت له‌سه‌ر ئاست و به‌رێوه‌چوونی كاره‌كه‌مان و ئه‌وه‌ی گرنگه ئاستی به‌رز و چۆنیه‌تی كاره‌كه‌یه".
به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی باس له‌وه ده‌كات كه به‌شدارانی فیلمی قه‌ندیل تا ئێستا هیچ كێشه‌و گرفتێكی ته‌كنیكی و كارگێری دروست نه‌كردووه بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان وتیشی "ئه‌و خه‌مخۆری دڵسۆزییه‌ی كه له ناو ستافی ئه‌و كاره‌دا بینیومانه هیوادارین بتوانێت ریگه خۆشكه‌ر بێت بۆ دورستكردنی فیلمی سینه‌مایی به شێوازی ئه‌كادیمی".
ئه‌م فیلمه ماوه‌ی 3 مانگ پێش به‌رهه‌مهێنان كاری بۆ كراووه و 3 مانگیش دیاریكراوه بۆ وێنه‌گرتنی، عهبدولرِهحمان محه‌مه‌د ره‌حمان بهرِێوهبهری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه گوتی "ئێمه پێش به‌رهه‌مهێنان هه‌وڵمانداوه باشترین و گونجاوترین شوێن دیاری بكه‌ین بۆ وێنه‌گرتن بۆیه زۆربه‌ی شوێنه‌كانی باشوری كوردستان گه‌راین و كاری دیكۆراتی ئه‌و شوینانه‌ی كه هه‌مان بوو وای لێكردین كه 3 مانگمان پێبچێت و ئێستاش قۆناغی وێنه‌گرتن له نیوه‌دایه".
فیلمی سینه‌مایی كوێستانی قه‌ندیل به‌رهه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستانه، ته‌ها كه‌ریمی كاری ده‌رهێنان و كه‌یوان یوسفی كاری وێنه‌گرتنی ده‌كات.
ته‌ها كه‌ریمی له‌دایك بووی ساڵی 1976 له‌شاری بانه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سه‌ره‌تای كاری به‌نووسینی چیرۆك ده‌ست پێكردووه، ساڵی 2004 له‌زانكۆی هونه‌ری تاران له‌به‌شی سینه‌ما به‌كالۆریۆسی وه‌رگرتووه، تا ئێستا جگه له فیلمی سینه‌مایی كوێستانی قه‌ندیل، 4 فیلمی كورتی به‌ناوه‌كانی "سنوری ژین"، "زریان"، "سه‌مای مروارییه‌كان" و "كوێستانی سپی" ساز كردووه.
پێناسه‌ی فیلم:
ناوی فیلم : كوێستانی قه‌ندیل
سناریۆ و ده‌رهێنان: ته‌ها كه‌ریمی
وێنه‌گر: كه‌یوان یوسفی
به‌رنامه‌رێژ و یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر: جه‌لال ساعدپه‌نا
ده‌نگ هه‌ڵگر: تاهیر پیشوایی
ئه‌كته‌ر: د. قوتبه‌دین سادقی، جومه‌رد قاره‌مان، عه‌ینه‌دین مه‌ریوانی، كامه‌ران رئوف،له‌میا حسێن، كه‌مال جه‌لال قادر و .......
به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: عهبدولرِهحمان محه‌مه‌د
به‌رهه‌مهێنه‌ر : به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی